گه‌وره‌كان بێكارن، مندالان كارده‌كه‌ن

گه‌وره‌كان بێكارن، مندالان كارده‌كه‌ن

گه‌وره‌كان بێكارن، مندالان كارده‌كه‌ن ‌ ئالا كه‌مال‌ 28/9/2011
كاركردنی مندالانء ئه‌و ئاكامه‌ خراپانه‌ی به‌ دوای خۆیدا كێشی ده‌كات بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌، كیشه‌یه‌كی رووخێنه‌ره‌ له‌ڕووی ئابووری، كۆمه‌لایه‌تیء ته‌ندروستییه‌وه‌. كاركردنی مندالانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ منداڵه‌كه‌ قوربانیی یه‌كه‌م ده‌بێتء تووشی نه‌خۆشیء گێچه‌ڵ پێكردنی سێكسیء جه‌سته‌ییء له‌فزیء ده‌روونی ده‌كات، له‌ هه‌مانكاتدا دژی جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤیشه‌، به‌ تایبه‌تی مافه‌كانی مندالان.
به‌پێی ئاماری رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تیی ساڵی 2002 به‌ڕێژه‌ی 46%ی مندالانی جیهان كارده‌كه‌ن، واته‌ 246 ملێون له‌ ته‌مه‌نی 5-17 ساڵیدا كارده‌كه‌ن.
دیارده‌كه‌ له‌جیهاندا
ئه‌و ژماره‌یه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ به‌سه‌ر ئاسته‌ جیاجیاكانی راده‌ی خوێنده‌وارو نه‌خوێنده‌وار، هه‌روه‌ها جۆری كاره‌كانیاندا دابه‌شبوون له‌ جیهاندا:
120 ملیۆن وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌و كارده‌كه‌ن.
130 ملیۆن كارده‌كه‌نء ده‌شخوێنن.
179 ملیۆن له‌ كاره‌ مه‌ترسیداره‌كاندا كارده‌كه‌ن.
111 ملیۆن له‌وانه‌ی كارده‌كه‌ن ته‌مه‌نیان خوار 15 ساڵه‌.
127 ملیۆن منداڵ له‌ولاتانی ئاسیاو باسنیك كارده‌كه‌ن، واته‌ رێژه‌ی 60%ی مندالانی ده‌ستبه‌كار له‌ جیهاندا. به‌پله‌ی یه‌كء به‌پله‌ی دوو له‌ئه‌فریقا 48 ملیۆن منداڵ كه‌ ده‌كاته‌ 23%ی منداڵی ده‌ستبه‌كار له‌ جیهاندا.
به‌پله‌ی سێ له‌ ئه‌مریكای لاتین 17,4 ملیۆن واته‌ 8%ی منداڵی ده‌ستبه‌كاره‌ له‌جیهانداو پله‌ی چواره‌م له‌ خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاستء سه‌رووی ئه‌فریقا 13,4 ملیۆن، واته‌ 6%ی منداڵی ده‌ستبه‌كاره‌ له‌ جیهانداء رێژه‌ی 2,5% له‌ ولاته‌ پیشه‌سازییه‌كاندایه‌.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌، رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تیی گرنگیی به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاری مندالان داوه‌ء نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه‌ی كردۆته‌ به‌رنامه‌ی كاری هه‌میشه‌یی خۆی. ولاتانی ئه‌ندام له‌و رێكخراوه‌دا 129 ولاتنء 17 له‌ ولاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان تیایدا ئه‌ندامنء عیراقیش یه‌كێكه‌ له‌و 17 ولاته‌. به‌رده‌وام له‌كۆنگره‌ گشتییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌دا چه‌ندین بڕیارو پێشنیازو راسپارده‌ به‌رز ده‌كرێـته‌وه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ری. ولاتانی ئه‌ندامیش مولزه‌من به‌جێبه‌جێكردنی هه‌موو بڕیارو راسپارده‌و پێشنیازه‌كانه‌وه‌.
مندالانی ده‌ستبه‌كار له‌كوردستان
رێژه‌ی كاركردنی مندالان له‌كوردستاندا به‌پێی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌لایه‌تی له‌ 26ی كانوونی یه‌كه‌می 2010 ئاشكرای كرد، له‌ ئاكامی رووپێوییه‌ك له‌سه‌ر كاركردنی مندالان كه‌ به‌ هاوكاریی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
له‌ هه‌ولێر  هه‌شت هه‌زارو 407 مندالا كارده‌كه‌ن، واته‌ به‌ڕێژه‌ی 67,3%ی ده‌ستیكار.
له‌ سلێمانی دوو هه‌زارو 715 منداڵ كارده‌كه‌ن، واته‌ به‌ڕێژه‌ی 21,7%ی ده‌ستیكار.
له‌ دهۆك یه‌ك هه‌زارو 358 منداڵ كارده‌كه‌ن، واته‌ به‌ڕێژه‌ی 10,8%ی ده‌ستیكار.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كاری مندالان به‌ڕێژه‌ی 16% كه‌می كردووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2007دا.
ئه‌میر سڵێوه‌ راوێژكاری كار له‌وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌لایه‌تی ئاماژه‌ی به‌بوونی 12 هه‌زار منداڵی ده‌ستبه‌كار كردووه‌ كه‌ له‌خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ چۆنێتی دابه‌شبوونی ئه‌و مندالانه‌ش كرد به‌سه‌ر كاری قورسء سوكدا به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌.
سێ هه‌زارو 851 منداڵی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵ كاری قورس ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، له‌و ژماره‌یه‌ش هه‌زارو 668 منداڵیان له‌وانه‌ن كه‌ خوێندنیان به‌ جێهێشتووه‌، سێ هه‌زارو 493 منداڵ به‌ درێژایی ساڵ كارده‌كه‌ن.
بۆچی كه‌س رۆڵی خۆی نابینێت؟
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ بودجه‌ی كوردستان 17%ی بودجه‌ی گشتیی عیراقه‌، واته‌ 13 تریلۆن دیناری عیراقی كه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ولاتانی دراوسێ چه‌ند جارێك زۆرتره‌، له‌گه‌ڵ زۆریی دانیشتووانه‌كه‌یاندا، هێشتا باری بژێوی ئه‌وان زۆر باشتره‌و رێژه‌ی مندالانی ده‌ستبه‌كار زۆر كه‌متره‌.    
ئه‌سكه‌نده‌ر خان نوێنه‌ری یونسێف له‌ عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی (شرق الاوسگ) له‌ 24ی ئابی 2011 رایگه‌یاند: سێ ملیۆنء 500 هه‌زار منداڵی ده‌ستبه‌كار له‌عیراقدا هه‌یه‌و له‌ خوێندن دابڕاون. له‌و ژماره‌یه‌ش 750 هه‌زاری نه‌چۆته‌ پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌.
لێره‌وه‌ ده‌ڵێم كوا یاسای كارو ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌لایه‌تی؟ ئه‌ی كوا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانیی؟ ئه‌ی رۆڵی حكومه‌تء رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیء راگه‌یاندن كوا؟ بۆچی كه‌س رۆڵی خۆی نابینێت؟

دووبەرەکیی واتە داڕمان

 
دووبەرەکیی واتە داڕمان
دووبەرەکیی واتە داڕمان ‌ گۆردن بڕاون* و: کوردستانی نوێ‌ 29/9/2011
لەم ھاوینەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەت لەھەمبەر ئابووریدا باڵادەست بوو، کاتێک کۆنگرێسء سەرۆک ئۆباما نەیانتوانی لەسەر باجەکان یان ھەقدەست یاخود کورتھێنانی بودجە یان ھاندەرەکانی وەبەرھێنان رێکبکەون. ھەروەک سەرکردەکانی ئەوروپا توشی ئیفلیجی ھاتن لەگەڵ دوورخستنەوەی قەرزدانەوەو دابەزاندنی بەھای دراوو کورتھێنانء ھانداندا. لەدوای سەپاندنی سودێکی نێگەتیڤ بەسەر قەرزەکانء لەچاپدانی دراوو دراوخستنە بازاڕو پشتگیریی بانکە بازرگانییەکان، پێدەچێت پارێزەرەکانی بانکە ناوەندییەکان لەگشت شوێنێکدا (بەم دواییەش بێرنانی سەرۆکی بانکی یەدەکی فیدراڵی ئەمریکا) گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەوانیش ھەر ھێندە رێوشوێنیان لەدەست دێت. لە ئاکامدا ئەمڕۆ خەڵکانێکی بەژمارە کەم گازندەی ئەوە دەکەن کەدنیا جارێکی دیکە بەبێ جڵەو بەدەستێک بەرەو داڕمان دەچێت.
ھیچ شتێک ئاسایی نایەتە بەرچاو
لە راستیدا ئەو گفتوگۆیەی بەر لەھاوین کرا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی (واقعێکی ئاسایی نوێ)ی گەشەی سستەوە دواجار چارەسەر کرا. ئێستا ھیچ شتێک ئاسایی یان سروشتی نایەتە بەرچاو. چونکە بڕیارە پڕکەندو کۆسپەکان، نشوستیان ھێناوە. مەزەندەش دەکرێت دنیا بەھۆی دەستەوەستانیی بەرامبەر رێککەوتن لەسەر بازرگانیی جیھانیی یان گۆڕانی کەشوھەوا یاخود گەشە یان گۆڕانکاریی لەسیستمی داراییدا، مەزەندە دەکرێت سەرلەنوێ بەرەو سوڕێکی نوێی رێوشوێنی پارێزگاریی بڕوات، وەکو کیبڕکێ لەسەر دابەزاندنی بەھای دراوو بەرپاکردنی جەنگی دراوو سەپاندنی کۆتء بەند بەسەر بازرگانییء سەرمایەدا.
بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ بەزین، چونکە ئەو وڵاتانەی دەڵێن ھەر ھێندەمان لەدەستدێت لە راستیدا بەو مانایەیە کە بەتەنیا ھەر ھێندەیان لەدەست دێت. ھەنگاونانیشی بەرەو گەشەیەکی بەردەوامء خستنەگەڕی ھێزی کار تەنیا بەزنجیرەیەک دەستپێشخەریی نیشتیمانیی بۆ یەکجار نابێت بەڵکو بەھاوئاھەنگی سیاسەتەکانی دنیا دەکرێت.
لەمانگی نیسانی ساڵی 2009 ئەمە ئامانجەکە بوو کاتێک گروپی 20 سێ ئەرکی سەختی بۆ خۆی دەستنیشانکرد. لەم رووەوە ئەرکی یەکەم کە بریتی بوو لە رێگرتن لەرودانی نەھامەتی جیھانی جێبەجێ کرا، ئینسانیش پێویستە دوو ئەرکی دیکە (رێککەوتنێکی گەشەی پاڵپشت بە چاکسازی سیستمی دارایی جیھانی) بخرێنە نێو بڕگە سەرەکییەکانی ئەجێندای گروپی20وە.
دۆزینەوەی رێبازێکی ھاوئاھەنگ بۆ مامەڵەکردن
بەپێی خەمڵاندنی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەساڵی 2010دا، دۆزینەوەی رێبازێکی ھاوئاھەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵا سیاسەتەکانی ئابووریی گشتی و بازرگانی و سیاسەتی بونیاد گەرایی، دەکرێت گەشەیەک بەڕێژەی 5,5% لەکۆی بەرھەمی خۆماڵی جیھان بەدی بھێنێت و نزیکەی   25 تا 50  ملیۆن دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و 90 ملیۆن کەس لەدەست ھەژاری رزگار بکات، بەڵام ئەمڕۆ لە ھەرکات زیاتر رێککەوتنی گەشەی جیھانی پێویست ترە، ئەویش بەھۆی ئەو کێشە بونیادییانەوە کە ئابووری جیھان بەدەستیانەوە گیرۆدە بووە لە پاڵا تێکچوونێکی گەورەی ھاوسەنگی لە نێوان بەرھەمھێنان و بەرخۆریدا. رەنگە سەیر بێت کە گەورەترین قەیرانی دارایی لەدوای سییەکانی سەدەی بیستەوە واوەسف بکرێت کەنیشانەی کێشەیەکی گەورەترە، بەڵام کاتێک مێژوو نووسان ئاوڕێک لە رووداوەکانی رابردوو دەدەنەوە بەتایبەتی شەپۆلی جیھانیبوون دوابەدوای ساڵی 1990 (کەنزیکەی دوو ھەزار ملیۆن بەرھەمھێنەری تازەی ھێنایە نێو ئابووریی جیھانەوە)  ئەوا بۆیان دەردەکەوێت کە لەساڵی 2010 دا خاڵێکی وەرچەرخان ھەبووە، چونکە بۆیەکەم جارە بەدرێژای 150 ساڵا خۆرئاوا (ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا) پلەی یەکەم لە پیشەسازیء بەرھەمھێنانء ھەناردنەدەرەوەء بازرگانی و وەبەرھێنان، بەقازانجی باقیی جیھان لەدەست بدەن.
بگرە قەوارەی بازاڕە بەرخۆرییەکانی سەدەی بیستء یەک دەگاتە دووھێندەی قەوارەی بازاڕەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەمڕۆ پشت بەیەک بەستنی ئاڵوگۆڕ لە نێوان خۆرئاوا و ئاسیادا ھەر بەردەوامە، چونکە تا ئێستا دوو لەسەرسێی ھەناردەکانی ئاسیا بۆ خۆرئاوا دەڕوات، بازرگانی نێوان وڵاتانی باشووریش تەنیا رێژەی 20%ی ئاڵوگۆڕی جیھانی پێک دەھێنێت، یاخود بەواتایەکی دیکە، دەساڵا لەمەوبەر داینەمۆی ئەمریکا دەیتوانی ئابووریی دنیا پاڵا پێوە بنێت، کەچی دوای دەساڵی دیکە وڵاتانی بازاڕە تازە پێگەیشتووەکان ئەم رۆڵە دەگێڕن بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی توانای ھەڵکشاوی شت کڕینی چینە ناوەڕاستەکان لەو وڵاتانەدا. بەڵام حاڵی حازر ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ زیادکردنی ھەناردەکان ناتوانن خەرجی بەرخۆریی فراوان بکەن، لە کاتێکدا چین و بازاڕە تازە پێگەیشتوەکان بەبێ مسۆگەرکردنی ھێزی بازاڕ لە خۆرئاوادا ناتوانن بەئاسانی بەرھەمی خۆیان یاخود بەرخۆرییان فراوان بکەن.
تێڕوانینێکی بەرفراوان بۆ ھاریکاریی جیھانی
بۆیە پێویستە پێش ھەمووشت سەرلەنوێ تێڕوانینی بەرفراوان بۆ ھاریکاریی جیھانی بەدەست بھێنینەوە وەک لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنی گەشەیە داھاتووە کەگروپی 20 پەسەندیان کردووە(کە لەوساوە بە گوتەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کراوەتە تەنیا شیکردنەوەیەکی قووڵا بۆ ئەو وڵاتانەی کە لاسەنگیەکی گەورەیان تێدایە). بەڵام مەسەلەکە پێویستی بەئەجندایەکی فراوانترو قوڵتر ھەیە، پێویستە چین رەزامەندیی لەسەر زیادکردنی خەرجی خێزانە چینیەکان و ھاوردەی بەرخۆریی نیشان دەدات، ھەروەھا پێویستە ھیندستان بازاڕەکانی خۆی واڵابکات تا ھەژارەکانی بتوانن سوود لەھاوردەی نرخ ھەرزان وەربگرن، جگە لەوەش پێویستە ئەوروپاو ئەمریکا پەرۆشی ئەوەبن لە پێناو زیادکردنی ھەناردەکانی خۆیاندا پشتگیریی توانی کیبڕکێ بکەن، لەساڵانی 2009دا گروپی 20 ئەندازەیەکی زۆری سووربونیان نیشان ا لەسەر ئەوەی کە ھێنانەدیی جێگیریی لە پاشەڕۆژدا پێویستی بە سیستمێکی دارایی نوێی جیھانی ھەیە. (دەیڤید مایڵیز) لەبانکی ئینگلتەرا پێسشبینی دەکات لە دوو دەیەی داھاتوودا سێ قەیرانی دیکەی دارایی رووبدەن. خۆ ئەگەر (ئەندرۆ ھالدین) یش لە بانکی ئینگلتەرا ئەو بڕوایەی راست بێت کە فشارە ھەڵکشاوەکان لە ئاسیا ئەگەری پشێوییان لە ئایندەدا لێ چاوەڕوان دەکرێت، ئەوا خۆرئاوا پەشیمان دەبێتەوە لە پای درێغی کردن لە سەقامگیرکردنی پێودانگە جیھانییەکانی پەیوەست بە ھەبوونی سەرمایەو پارەی بەردەست و دامەزراندنی سیستمێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی روونتردا.
قەرزی بانکەکان
لە راستیدا کێشەکە روونە، چونکە قەرزی کەرتی بانکسازیی لە ئەوروپا خەریکە بگاتە پێنج قاتی قەرزی بانکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێژەی 345% ی کۆی بەرھەمی خۆماڵی، بانکەکانی ئەلمَانیاش بەڕێژەی زیاتر32 قاتی ئەسڵی پارەکەیان پەنا بۆ سەرفکردن بەقەرز دەبەن، بۆیە ئێستا ھێنانەدی جێگری داریی تەنیا بە سەرلەنوێ دابینکردنی خەرجی بانکەکان نابێت بەڵکو بەچاکسازی (یۆرۆ)ش دەبێت ئەویش پاڵپشت بە ھاوئاھەنگیی داراییء دراو و پشت ئەستوورکردنی رۆڵی بانکی ناوەندیی ئەوروپا لە پشتگیریکردن حکومەتە تاکەکان ( نەک بانکە تاکەکان) بەوپێیەی دوا مەنزڵی قەرزپێدانن. گروپی 20 بەبێ بەردەوام بایەخدان بەکەمکردنەوەی قەرزەکان لە مەودای دووردا ناتوانێت گەشەو جێگیریی بەدی بھێنێت. بەڵام لە مەودای نزیکیشدا زەرورەتێکی بنچینەی ھەیە بۆئەوەی سوڕێکی نوێی داڕمان روونەدات، بۆیە پێویستە پشت بە پێشنیازەکەی (رۆبەرت سکیدلسکی)ی لە بانکی وەبەرھێنانی نیشتیمانی ببەستین سەبارەت بەسازدانی بونیادی بنچینەی خۆمان (بێگومان ژینگەی خۆشمان) تاوەکو بتوانین بەرەنگاری ھەڕەشەکانی پاشەڕۆژ ببینەوەو ھانی گەشەبدەین و دەرفەتەکانی کار بڕەخسێنین. یەکێک لە نموونەکانیش بریتییە لە بانکی وەبەرھێنانی ئەوروپا کە توانیویەتی لە رێگەی پشت بەستن بە 50 ملیار یۆرۆو بڕی 400 ملیار یۆرۆ وەبەربھێنێت، بەڵام رەنگە رێککەوتنێک لەگەڵا چینییەکان سەبارەت بەوەبەرھێنانی یەدەکەکانیانء رێککەوتنێک لەگەڵا کۆمپانیا فرە رەگەزەکانی خۆرئاوا سەبارەت بەباجی سەر قەرزەکانی گەڕاوە بۆ نیشتمان، مۆربکرێت.
گەشە ئێستا زەروورەتە
دواجار وەک (مایکل سپێنس)ی ئابووری ناسی براوەی خاوەنی نۆبڵا سەلماندویەتی گەشە ئێستا زەروورەتێکە، بەڵام مەرجی تەواویش نییە بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی کار بڕەخسێنێت. لە راستیدا بڵاوبوونەوەی پەتای بێکاریی بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا وا پێویست دەکات پەنا بۆ چەند ئاڕاستەیەکی نوێ ببرێت، بۆ نموونە بانکێک بۆ گەشەپێدان تا بتوانێت ژمارەی ھەڵکشاوی گەنجان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بخاتە سەر کارو خەرجی بەرنامەکانی راھێنان لە چەند شوێنێکی دیکەدا دابین بکات. رێککەوتنی گەشەی سەر بەگروپی 20 پێویستە رێککەوتنێکیش بێت بۆ پشتگیریی رەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە ھەمانکاتدا.
گروپی 20 کە نوێنەرایەتی 08% ی بەرھەمی جیھان دەکات، لەساڵی 2009 دا وەکو تاکە دەستەی فرەلایەن دەرکەوت کە دەتوانێت ھاوئاھەنگیی لە نێوان سیاسەتە ئابوورییەکانی دنیادا دروست بکات، بەڵام بەداخەوە وڵاتانی ئەندامی گروپی 20 ھەرزوو وازیان لەم ئامانجە ھێناو بەرەو چارەسەری نیشتمانی پاشەکشەیان کرد. وەک پێشبینیش دەکرا، کاری تاک لایەنە بۆ مسۆگەرکردنی چاکبوونەوەی ئابووری بێ سوود بووە، ئێستاش سەرلەنوێ کاتی گروپی 20 ھاتووە. ھەرچەند نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی فەرەنساش زووتر داوا لە گروپی 20 بکات بکەوێتە خۆ ئەوا باشتر دەبێت.
*گۆردن بڕاون: سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا
*سەرچاوە: (پڕۆجێکت سەندێکێن)